Amos 7

شێوەی کوللە و ئاگر و شاووڵێک

1یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، لە سەرەتای سەرهەڵدانی گژوگیا شێوەی کوللەی دەکێشا، گژوگیاکە پاش دروێنەی بەشەکەی پاشایە. 2پاش ئەوەی لە خواردنی گژوگیای خاکەکە بووەوە، گوتم: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تکایە ببەخشە! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!»

3یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە و فەرمووی: «ئەمە ڕوونادات.»

4یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام: ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بۆ دادگاییکردن بە ئاگر بانگەشەی کرد، ئاگرەکە دەریا گەورەکەی ژێر زەوی
بەپێی بیروباوەڕی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کۆن (دەریای ژێر زەوی) هەبوو کە سەرچاوەی کانیاو و ڕووبارەکان بوو.‏
لووشدا، خاکەکەشی خوارد.
5ئینجا گوتم: «یەزدانی باڵادەست، تکایە با بەس بێت! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!»

6یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە.

یەزدانی باڵادەست فەرمووی: «هەروەها ئەمەش ڕوونادات.»

7ئاوای پیشان دام: پەروەردگار لەسەر دیوارێکی دروستکراو ڕاوەستاوە و شاووڵێکی لەدەست بوو. 8یەزدان پێی فەرمووم: «ئامۆس تۆ چی دەبینیت؟»

منیش گوتم: «شاووڵ.»

ئینجا پەروەردگار فەرمووی: «ئەوەتا من شاووڵێک لە ناوەڕاستی ئیسرائیلی گەلمدا دادەنێم، پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم!

9«نزرگەکانی ئیسحاق لەسەر بەرزاییەکان چۆڵ دەبن و
پیرۆزگاکانی ئیسرائیل وێران دەبن،
بە شمشێرەوە هەڵدەکوتمە سەر ماڵی یارۆڤعام.»

ئامۆس و ئەمەسیا

10جا ئەمەسیای کاهینی بێت‌ئێل پەیامی بۆ یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل نارد و گوتی: «ئامۆس لە ناوەڕاستی ماڵی ئیسرائیلدا پیلانی لە دژت گێڕاوە، خاکەکە ناتوانێت بەرگەی هەموو قسەکانی بگرێت،» 11چونکە ئامۆس وای گوتووە:

«”یارۆڤعام بە شمشێر دەکوژرێت،
ئیسرائیل لە خاکەکەی خۆی
بێگومان ڕاپێچ دەکرێت.“»
12ئینجا ئەمەسیا بە ئامۆسی گوت: «ئەی پێشبینیکەر، بڕۆ ڕابکە بۆ خاکی یەهودا، لەوێ نان بخۆ و لەوێ پێشبینی بکە. 13بەڵام چیتر لە بێت‌ئێل پێشبینی مەکە، چونکە پیرۆزگای پاشایە و پەرستگای پاشایەتییە.»

14ئامۆسیش وەڵامی دایەوە و بە ئەمەسیای گوت: «من پێغەمبەر نەبووم و کوڕی پێغەمبەریش نیم، بەڵکو من گاوانم و باخەوانی دار هەنجیری کێویم. 15بەڵام یەزدان لەسەر مێگەلەکەوە هەڵیگرتم، یەزدان پێی فەرمووم:”بڕۆ پێشبینی بۆ ئیسرائیلی گەلی من بکە.“ 16ئێستاش گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، تۆ دەڵێیت:

«”پێشبینی لەسەر ئیسرائیل مەکە،
لێدووان لە دژی بنەماڵەی ئیسحاق مەدە.“
17«لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«”ژنەکەت لە شاردا لەشفرۆشی دەکات،
کوڕ و کچەکانت بە شمشێر دەکوژرێن،
زەوییەکەت بە گوریس دابەش دەکرێت،
خۆشت لەسەر خاکێکی گڵاودا دەمریت،
ئیسرائیلیش لە خاکەکەی خۆی
بە دیلی ڕاپێچ دەکرێت.“»
Copyright information for CkbKSS